شاعیر: کاکەی فەلاح
کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح
سەرناو: بەراوردێک

بەردی تانوت و پلاری دوژمن
بریندار ناکا هەست و سۆزی من

بەڵام ئەو گوڵەی دۆستم تێم ئەگرێ
پێم هەڵ ئەکێشی هەناسەی بێ بن

***

ئەگەر خۆ دڕکێ هەڵ چەقی لەپێم
پێم ئەڵێ: دڕکم هەر ئازارە پێم

ئەی ئەگەر گوڵێ بۆنی ناخۆش با
خەڵکینە! ئاخۆ ئەو ئەڵێ چی پێم! ؟ 

***

دەبا بای خەزان گوڵ هەڵوەرێنێ
زەردی کا، سەوزی گەڵا بسێنێ

بەڵام بۆ بەهار لە کوێ ڕەوایە
وەیشومەی مەرگی خونچە بهێنێ؟ 

***

بایەقوش بۆ خۆی باهەر بخوێنێ
دەنگی ناسازوشومی بنوێنێ

بەڵام کفرە لام بلبلی دەنگ خۆش
بەدەنگێکی تر دەرون بدوێنێ

***

با شەوی تاریک دەریای بێ بن بێ
تریفەی مانگ و ئەستێرەی ون بێ

بەڵام جێی داخە ڕۆژی گەرم و گوڕ
ساردی وتاریکی ببێ و بۆ من بێ